بەرەو وەبەرهێنان لە خوێندنی باڵا لە كوردستاند

محەممەد گەڵاڵەیی 


    خوێندنی باڵا لە كوردستان لەسەر ڕێگای پێشكەوتندایە كە ئاواتێكی زۆری لێدەكرێت، بەڵام خوێندن لەداهاتی سەرەكی كە نەوتە گرینگترە، هەروەها ئەو سنوورانەی كە بەڕێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان هێڵی بۆ كێشراوە وەڵامێكی گەورەی مێژوویی و كەنارێكی ئارامیش بێت بۆ نەوەكانی داهاتوو، وەبەرهێنان لە خوێندنی باڵا دەتوانێت ببێتە ئەو ڕێگا گشتیەی نەتەوەیەك كە خاوەنی دەوڵەت نییە، لە فەزای زانستی دونیادا ببێتە دەوڵەتێك بۆ وەشاندنی زانست چ بەدەوروبەری خۆیدا یان بە وڵاتانی دونیادا لەمەودای مامناوەندی و دووردا، نمونەی وەك وڵاتی سەنگافورە و تایوان و مالیزیا، زیندووترین نموونەی سەركەوتنن، بەتایبەتی دوو دەوڵەتی یەكەم  كە هەردووكیان جیابوونەتەوە و ڕووبەرێكی كەمی خاك و بەشی خۆیان دانیشتوانێكی زۆرو زەوەند، بەڵام وەبەرهێنانیان لە خوێندن تا دەگاتە خوێندنی باڵا، بە كورتیەكەی (نەخشیان هێناوە) وڵاتی سێیەمیش مالیزیا نموویەكی بەبەهایە لای ئێمە كە زۆرێك لە خوێندكارانی كورد ڕوو لەو وڵاتە دەكەن، ئەم وڵاتانە قازانجێكی زۆر لە هەڵگرتنەوە‌و پاشەكەوتنكردنی سامانی دارایی ئێمە دەكەن، هەروەها وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتیش (لوبنان،میسر،ئوردن و سودان)، بۆ نموونە لە وڵاتێكی وەك لوبنان بەپێی ئەو ئامارە نارەسمیانەی بەزارەكی وەرمگرتووە نزیكەی (500) پێنج سەد خوێندكاری عێراقی بۆ خوێندنی باڵا لەبەشە جیاجیاكانی ماستەرو دكتۆرا دەخوێنن كە زۆربەیان لە زانستە مرۆڤاتیەكان و یاسا و شەریعەدان، بەڵام ئەگەر  هەر یەكێكان لە ماوەی خوێندنەكەیدا (20000) بیست هەزار دۆلار خەرجبكات، كە هەیانە زیاتریش..! ئەوا دەكاتە (8000000-10000000) هەشت تا دە ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، زۆربەی خوێندكاران لەسەر گیرفانی خۆیان هاتوون، بەشێكی كەمی لە فەرمانبەری حكومی تێدایە، هەرچەندە ئەمە بڕێكی زۆری سامانی دارایی ئێمەیە كە لە وڵاتێكی وەكو لوبنان خەرجدەكرێت، ئەگەر بەگشتی تەنیا خوێندكارانی كوردستان بخەمڵێنین بە (3000) خوێندكار لەدەرەوەی بەرنامەی تواناسازی، لە ساڵێكی خوێندنیاندا هەر یەكێكی (10000) دە هەزار دۆلار خەرج بكات، ساڵانە دەكاتە سی ملیۆن دۆلار، ئەگەر گشتیان ماستەر بن لە دوو ساڵدا تەواوی بكەن دەگاتە شەست ملیۆن دۆلار، ئایا دەتوانین بیر لەو ژمارانە بكەینەوە كە بڕێكی زۆرە، كە زانكۆكانی كوردستان دەتوانن بەسەرخۆیان دابەشی بكەن‌و بڕوانامەیەكی بەرزیش بەهاوكاری زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان بە خوێندكاران بدەن؟ لەهەمانكاتیشدا سێ‌ هەزار دەستی كاری لوبنانی لە بوارە جیاجیاكانی وەبەرهێنان، تەكنەلۆجیای گەیاندن و گەشتیاری لەسەرتاسەری عێراق كار دەكەن، ئایا ئەمانەش كە بەكاری دەستیان چەندەها ملیۆن دۆلار لە وڵاتەكەمان دەستیان دەكەوێت و ڕەوانەی حیسابە بانقەكانیان دەكەن، بۆ وڵاتێك كە ڕووبەرەكەی (10000) كلیۆمەتر چوارگۆشەیە‌و لە پارێزگای هەولێر بچووكترە، ژمارەكەی نەگاتە چوار ملیۆن كەس، ببێتە خاڵی ڕاكێشانی خوێندكاران بۆ خوێندن‌و ببێتە خاڵی سەرسوڕمان بۆ دەستی كاریان‌و هێنانیان بۆ كاركردن لە عێراق‌و كوردستاندا؟ ئەمە پرسیارێكی قووڵا‌و بەتێڕامانە بە پلەیەك ڕووبەڕوی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و كوردستان دەبێتەوە، كە چۆن دەكرێت تا ئەم ساتەوەختە بۆ خوێندنی زانستیە مرۆییەكان، خوێندكارێكی زۆر ڕوو لە دەرەوەی وڵات بكەن؟ بۆچی بیر لە ڕێگا چارەسەرییەك ناكرێتەوە بۆئەوەی ئەو سامانی داراییە بگەڕێتەوە كوردستان؟ بەڕێزان (وەزیری خوێندنی باڵا‌و تویژینەوەی زانستی و سەركردە ئەكادیمیەكان) گەڕاندنەوەی ئەو سامانە زۆرو زەوەندە بە تەرخانكردنی یەك كورسی تا سێ‌ كورسی(خوێندنی پاراڵێل-الموازی) دەردی دڵا تیمار ناكات كەچی ئەمە بۆ دووساڵە لە كوردستان‌و عێراق جێبەجێ‌ دەكرێت، بۆچی ئەو سامانە داراییە بۆ بازاڕی كوردستان‌و بوژاندنەوەی زانكۆكانی كوردستان نەبێت؟ وە دواتریش ببێتە كولتورێكی زانستی بۆ پێشكەوتنی زانكۆكانی كوردستان، بۆیە كاتی هاتووە دونیایەكی گەورەی زانستی بخەینە بەر هاندانی وەبەرهێنان لەسەرچاوە مرۆییەكانی و لەسەرچاوەی سامانە داراییەكانی، كە هیوادارم نووسینەكەم وەك نامە(الرسالە)یەكی، بیرخستنەوەی زانستیانە بگاتە دەستی خەمخۆرانی خوێندنی باڵا كە بەبێ‌ دوو دڵی وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی كوردستان سەر قافڵەی خەمخۆرانی ئەو رشتە گرنگەی وڵاتەكەمانە..   هیوایەكی زۆر دەكرێت یەكەم ڕێگا كە خوێندكاری پێدا تێدەپەڕێت بۆ وەرگرتنی لە پلەی خوێندنی ماستەر یان دكتۆرا، نەمێنێت كە زۆر سەختە، ناتوانین بڵێین نازانستیە چونكە بۆ كاتی خۆی بەشێوەیەك گونجا بووە‌و پێوەرێكی گەورەی زانستی سەردەمەكەی خۆیشی بووە، بەڵام ئەمرۆ زانستی سەردەم‌و سەردەمی زانست‌و داواكاری خوێندن‌و دەستگەیشتن بەسەرچاوەی زانستی‌و فەلسەفەی خوێندن‌و هەتا خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیش گۆڕاوە، ماوەتەوە خوێندنی سەرەتایی زانكۆیی لەبنەڕەتەوە بگۆڕدرێت، لە ساڵانی پێشوو هەندێ‌ گۆڕانكاری زانستی و ئیداری  كراوە، بەڵام وەبەرهێنان لە سەرچاوە مرۆییەكان و ئەو سامانە داراییەی بۆ دەرەوەی كوردستان دەڕوات، تا ئێستا بەرنامەیەكی گەورەی نیشتمانی و زانستی بەرزی بۆ دانەڕێژراوە، كە كۆڵەكەكانی خوێندنی باڵا بەهێز بكات، كێشەیەك هەیە..! چارەسەركردنی ئەو كێشەیە زۆر ئاسانە، هەموو ئەو خوێندكارانەی ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەكەن، كێشەی گەورەیان بڕوانامەی زمانی ئینگلیزی‌و نەبوونی بڕوانامەی شارەزایی لە كۆمپیوتەر، كە دوو كۆسپی زانستین لەبەردەم هەر خوێندكارێك بیەوێت لە خوێندنی باڵا بەردەوام بێت، سەرقافڵەكەشی تاقیكردنەوەی (توانستی زانستی هەر بەشێكە) وەبەرهێنان لە خوێندنی باڵا دەتوانێت ئەو سێ‌ كۆسپە بە چارەسەری زانستیانە هەڵبگرێت، بەشێوەیەكی پلەبەندی دوو ساڵە یان چوار ساڵە یان شەش ساڵە، ئەمەش چۆن دەكرێت؟ لە پێش هەموو كارێكی زانستی و ئایندە سازاندن بۆ پێشخستنی دەبێت بەرنامەیەكی كورتی زانستی ڕوون بە لێكۆڵینەوەیەكی ورد دابڕێژرێت، تێیدا ئەو بەربەستانەی لەپێش وەبەرهێنان لە خوێندنی باڵادا هەن، بەشێوەیەكی وردی زانستیانە لەماوەی دوو ساڵا یان چوار ساڵدا و لەدوورترین ماوەدا بگاتە شەش ساڵا چارەسەریان بكات، لەگەڵا ئەوەشدا ساڵانە هەمواربكرێتەوە (تعدیل) زۆر ئاساییە بۆ دەوڵەمەندكردنی نەك بۆ تەگەرە تێخستنی لەئەگەری هەر گۆڕانكاریەكی ئیداریدا..! چونكە وەبەرهێنان لە خوێندنی باڵا كردنەوەی دەرگای سامانی دارایی بەسەر زانكۆكان و مەڵبەندەكانی توێژینەوەدایە، چارەسەری بنەڕەتی تەنیا هەڵگرتنی ئەو كۆسپە زانستیانە كۆنانەی بەردەم وەرگرتنە لە خوێندنی باڵا بەهەموو بەشەكانیەوە، ئەگەر بەرواردی بكەین بە (بەرنامەی تواناسازی) لە قۆناغەكانی پێشوودا ئەوەندەی وەرگرتن لە خوێندنی باڵای كوردستان قورسە، لەتواناسازی لاوان ئەو كۆسپانە نەبوونە، وەكو توانستی زانستی‌و كومپیوتەر، كە ئەوەی تواناسازی زۆریش پێویستە لەبەردوو هۆكار. ئەلیف: ئەو خوێندكارەی دەڕوات نوێنەرایەتی زانكۆكانی كوردستان دەكات لەڕووی سومعەی زانستی و توانستی تاكی كورد. بێ‌: سامانێكی زۆر و زەوەندی لێ سەرفدەكرێت، بە ئەزموون دەركەوتووە زۆرێكیان دواكەوتوون لە بەدەستهێنانی توانستی زمانی ئینگلیزی، بۆیە ئەو كۆسپانە دەرگای وەبەرهێنانی كڵۆمداوەو ئاستی ئەكادیمی كوردستانی زۆر لاواز كردووە، بۆ نموونە لە زمانی كوردی چ پێویست دەكات توانستی ئینگلیزی هەبێت و نەگۆڕ بێت، بۆ نەكرێتە دوو تا پێنج توانستی زمان بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لەسەر ئەدەبی كوردی بنووسن و یاخود ئەدەبی بەرواردكاری كوردی لەگەڵا هەر زمانێكی تردا (وەكو زمانەكانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، رووسی و فەرەنسی)، یان بۆ بەشی مێژوو ئەگەر خوێندكارێك بیەوێت لە مێژووی نوێ‌ بخوێنێت‌و تێزەكەی بنووسێت مەرجی زمانی توێژینەوەكەی بۆ دابنرێت، بۆ نموونە لەسەر عوسمانی یا سەفەوی دەنووسێت، بامەرجی زمانی فارسی و توركی عوسمانی بۆ دابنرێت، چونكە هەندێ‌ جار زمانی ئینگلیزی لە زۆر بواری توێژینەوە سوود بە توێژەر ناگەیەنێت، بەڵكو ئەمە بكرێتە ڕێگایەكی تری هاندان بۆ ئەوەی خوێندكار بیركردنەوە‌و توانستە زانستیەكانی بەسەر دونیای دەرەوەدا بكرێتەوە، ئەمە بەچی دێتە دی؟ یەكەمیان: بەوەرگرتنی خوێندكار بەبێ‌ مەرجی زمانی ئینگلیزی و دیاریكردنی مەرجی زمانی توێژینەوەكەی، دووەمیان: بەدەستهێنانی بڕوانامەی توانستی ئینگلیزی‌و زمانەكانی تر‌و كۆمپیوتەر، واتا لە ماوەی دووساڵی خوێندنی خۆیدا زیاتر نا، بەهەمانشێوە بۆ خوێندكاری دكتۆرا، ئەمە ئەو ڕێگایە كە كۆسپێكی گەورەی دەروونی لەپێش هەر كەسێكی ئارەزوومەند بۆ خوێندنی باڵا هەڵدەگرێت، بۆ نموونە: ئەگەر خوێندكارێك بیەوێت لەوڵاتێكی وەك مالیزیا بخوێنێت، چەند زانكۆیەك نەبێت كە داوای تاقیكردنەوەی زمانی ئینگلیزی (تۆفڵ) دەكەن، ئەگینا گشتیان ئامادەن نامەی وەرگرتن(Offer Letter) بدەن بە هەر خوێندكارێك لەكام شوێنی دونیا بێت، خوێندكار دەتوانێت لەماڵەكەی خۆیدا بە ڕێگای ئینتەرنێت دەتوانێت پێشكەشی هەر زانكۆیەكی بكات، لەماوەیەكی دیاركراویشدا نامەی وەرگرتنەكەی بەدەستی بگات، ئەگەر توانستی ئینگلیزی نەبێت، دوای ئەوەی پەیوەندی بە زانكۆكەوە دەكات چ لەناو زانكۆ یان دەرەوەی زانكۆ خولی زمان دەبینێت تا ئەو نمرە پێویستە بەدەستدەهێنێت، بۆ ئەوەی دەست بەخوێندنی ئەكادیمی لە ماستەر یان دكتۆرا بكات، خاڵی سەرنجڕاكێش ئەوەیە، یەكەم: تەكنەلۆجیایان بەكارهێناوە بۆ وەبەرهێنان لە خوێندنی باڵادا، دووەم: خاڵی لەو سەرنجڕاكێشتر ئەوەیە: توانستی زمانی ئینگلیزی لە پێشەكیدا نەیانكردۆتە خاڵی ڕێگر لەپێش وەبەرهێنانەكەیاندا، چونكە ئەگەر وا نەبێت ناتوانن ئەو پرۆژە زانستیەی هەیانە بیخەنە سەر پێی وەبەرهێنان، بۆیە وەرگرتن ئاسانە، بەڵام كۆرسی خوێندن ماندووبوونێكی زۆری دەوێت، بۆیە خوێندنی بەدڵنیایی جۆرییەكی بەرزە، چونكە بە زمانی ئینگلیزیە، ئامانجیشیان دیارە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە لە كوردستان بە پێچەوانەوەیە..! بەڵام زانكۆكانی مالیزیا دەرفەتی داوەتە خوێندكار كە لەدووری هەزارەها كلیۆمەتر ڕایبكێشێت‌و فێری زمانی ئینگلیزی بێت، لەگەڵا ئەوەشدا سامانێكی گەورەیی دارایی بچێتە سەر حیسابیە بانقیەكانیان‌و پرۆژەو كۆنگرەی گەورەی زانستی ئەنجامبدەن. ئایا نەك لاسایكردنەوە، بەڵكو سوود وەرگرتن لەو ڕێگایانەی وەبەرهێنان لە وڵاتانی پێشكەوتوو هەیە بۆ خوێندنی باڵا، چۆن دەتوانین سوودێكی بنەڕەتیانە لە چەندین نموونەی لەوجۆرە وەربگرین بۆ دامەزراندنی بناغەی وەبەرهێنان لە خوێندنی باڵادا؟ ئایا چۆن زانكۆكانی مالیزیا، هیندستان، وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی، بتوانن لە دووری هەزارەها كیلۆمەتردا سەرنجی خوێندكارانی كورد بەلای خۆیاندا ڕابكێشن؟ ئەمە بە چ ڕێگایەك، بە چ ئاستێكی زانستی؟ بەچ كارتێكردنێك بتوانن وزەیەكی زۆری زانستی و سامانێكی زۆری دارایی ڕابكێشن؟ بۆ زانكۆكانی ئێمە نەبوونەتە ئەو جێگرەوەیە (بدیل) بۆ ئەو زانكۆ و پەیمانگا زانستیانەی كە خوێندكارانی ئێمە ڕوویان لێدەكەن لە دەرەوەی كوردستان؟ ئایا سیاسەتی خوێندنی باڵای ئێمە و زانكۆكان، هەر لەسەر ئەو شێوەی خوێندنی باڵایە پێشتر بەردەوام دەبێت؟ ئەمانە پرسیار گەلێكن لەبەردەم پێشڕەوانی ئەكادیمی ئێمە و بەرێز وەیزی خوێندنی باڵای هەرێم دا هەیە، ئەگەری وەڵامدانەوەیان بەندە بە داڕشتنی بەرنامەیەكی زانستی بۆ دەستكردن بەوەبەرهێنان لەخوێندنی باڵادا، لەگەڵا ئەوەشدا كردنەوەی ئەو ڕێگایە لەگەڵا بەرنامەكەیدا هاوتابێت لە بەرەوپێشچوونی، نەوەك بەرنامەكە شتێكی زۆر بەرز و جوانی زانستی تێدابێت و نموونەیی بێت، لەكاتی جیبەجێكردنیدا شتێكی كرچ وكاڵا بێت. پرسیاری كرۆكی ئەوەیە، ئایا كوردستان پێویستی بەوەبەرهێنانی خوێندنی باڵا هەیە یان نا؟ ئایا زانكۆكانی كوردستان تا كەی لەسەر بودجەی گشتی بەڕێوە دەچن؟ ئەمرۆ سەدا نۆوەدی زانكۆكان لە دەوڵەتاندا لەسەر ئەو وەبەرهێنانە بەڕێوە دەچن، كە یەك: توێژینەوەی زانستیە بەهەموو بەشەكانیەوە لە تاقیگەكانیەوە بۆ لاپەڕەی گۆڤارەكان و میدیای تایبەتمەند، دوو: لەو سامانە داراییەی بەناوی كرێی خوێندن (Tuition Fees) لە خوێندكاران وەردەگرێت، هەرچەندە هەوڵەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری خوێندنی باڵا بەكەم نانرخێندرێت، بەڵام داخوازییەكانی پێشكەوتنی سەردەم، داواكاری خوێندكاران هێشتا رۆژ دوای رۆژ زۆرتر دەبێت، لە ساڵانی ڕابردوو ژمارەی دەرچووانی زانكۆ زۆرتربوونە، بۆئەوەی هەلی كاریان دەستبكەوێت، پێویستیان بە بڕوانامەی بەرزترە بۆ ئەوەی ئەزموونی زیاتر بكەن‌و ژیانێكی شایستە بۆیان بلوێت، بەڵام سەركردە ئەكادیمیەكانی كوردستان كام ڕێگا هەڵدەبژێرن ئەوەی ئێستا لەسەری دەرۆن كە زۆرێكی خولانەوەیە لە دەوری خۆیدا، یان ئەو ڕێگایە هەڵدەبژێرن كە زانكۆكانی كوردستان لەهەموو ڕووێكەوە دەبوژێنێتەوە‌و سەرنجی خوێندكاران ڕادەكێشێت بۆئەوەی زانكۆكانی كوردستان بۆ دونیا بكەنە سەنتەر و ئێمەیش چیمان لە مالیزییەكان و دەستخوشكەكانیان لە دونیادا كەمتر نییە، تاوەكو لە خاڵی كۆتایی و لەدواوەی زانكۆكانی جیهاندا بوەستین، كە لە ریزبەندی زانكۆكانی جیهاندا ناومان وون بێت‌و بۆ ئەو سەردەمە نەیاندۆزینەوە، ئەی كەی دەیاندۆزینەوە و بڵێن خاوەنی سەنتەری گەورەی زانستین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست با جیهانی لەگەڵدا نەبێت..؟ 

Comments