نەبوونی سەرخۆشی و داوێنپیسی لە نێو کوردان..!


د. موحەممەد گەڵاڵەیی

«دوو کردەوەی ناحەز لە نێو کوردەکاندا نابیندرێ: ئەوانیش سەرخۆشی و داوێنپیسییە. بەڵام بە ھۆی ھاموشۆ و ھەستان و دانیشتنی زۆر دەگەڵ تورکان لە ھەندێک ناوچەدا ئەو دوو کردەوە ناحەزە، پەرەیان گرتووە. زۆربەی کوردەکان دوورن لەو ڕەفتارانە؛»


بە خوێندنەوەی ئەم زانیارییانە، مێژوو و ھۆکار و پاڵنەر و دەرکەوتنی لادانە ئەخلاقی و کارە ناشەرعییەکان، لە نێو کۆمەڵی کوردەواری ڕووندەبێتەوە، بە تایبەتی لە سەردەمی مێژووی نوێی کورددا ١٥١٤-١٩١٨ز، جا تەبعەن فارس و عەجەمیش لە تورک شەریفتر نەبوونە..!


ئەم زانیارییانە لە چ کتێبێک نووسراون..؟

لە مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ کتێبێک بە ناونیشانی (کتێبە ونبووەکەی مێژووی کوردستان) لە نووسینی (ی. ئی. ڤاسیلێڤا)، لە وەرگێڕان: مەنسوور سدقی، کە لە ھەمانکاتیشدا پرۆفیسۆر دکتۆر جەبار قادر پێشەکی و نڤیسیاری بۆ کتێبەکە نووسیووە، سەرلەبەری کتێبەکە بایەخێکی گەورەی مێژوویی ھەیە، بە تایبەتی لە بابەتی یەکەمی کتێبەکە کە ناونیشانی سەرەکی کتێبەکەی ھەڵگرتووە، دەربارەی کتێبی «تاریخی جەدیدی کوردستان» کە لە نووسینی مەلا مەحموودی بایەزیدییە١٧٩٧-١٨٥٩ز لە بنەڕەتدا ئەم کتێبە ونبووە، بەڵام پێشەکییەکەی ماوە کە نزیکەی پەنجا لاپەڕە بووە، بە زمانی فەرەنسی بەردەستبوە و دواتر بۆ زمانی ڕووسی و دواتریش لەم کتێبە و پێشتریش لە گۆڤاری ڕەھەند لە ١٩٩٨ بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوە..بەھەرحاڵ ئەم پێشەکیەی مەلا مەحموودی بایەزیدی بۆ کتێبەکەی کە ئەلیکسەندەر ژابا کردوویەتی بە فەرەنسی باسی زۆر مێژوویی کوردی تێدایە، لەوانە: باسی مێژووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی و ئەدەب و زمانی کوردی تێدایە، لەم پەنجا لاپەڕەی کراوەتە کوردی زانیاری زۆر بە بایەخی تێدایە، جا کتێبەکە لە بنەڕەتدا ھەزار لاپەڕە بووە، مێژووی ماوەی ١٧٨٥-١٨٥٨ز لە خۆگرتبووە، دەبێت چ زانیارییەکی زۆروزەوەندی لە سەر مێژووی کوردی تێدابووبێت، ئەمڕۆ کە ئەو کتێبەم دەخوێندەوە، زانیارییەکی جوان و پڕ بایەخی نێو پێشەکی کتێبەکەی مەلا مەحموودی بایەزیدی زۆر سەرنجکێشی کردم، کە ئەمەی سەرەوە بوو کە لە نێو دوو کەوانەدا دانراوە.


سەرچاوە: ی. ئی. ڤاسیلێڤا، کتێبە ونبووەکەی مێژووی کوردستان، وەرگێڕان: مەنسوور سدقی، پێشەکی و نڤیسیار: دکتۆر جەبار قادر، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەددین، لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، ھەولێر، ٢٠٢٣، ل ٦٥.

Comments