٢٦ی كانوونی یه‌كه‌می ١٨٣٨؛ ١٨٥ ساڵ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی مه‌رگی میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندز دا
د. موحەممەد گەڵاڵەیی
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی عوسمانی كه له كتێبی (كورد و به‌رخودانه‌كانی 1817-1867) بڵاوكراوه‌ته‌وه، كتێبه‌كه له‌لایه‌ن نووسه‌ری به‌ناو و ده‌نگی باكووری كوردستان(سینان هاكان) به زمانی توركی نووسراوه، له‌لایه‌ن كاك به‌كر شوانی بۆ زمانی كوردی وه‌رگێڕدراوه، ساڵی 2012 له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیای كوردی بڵاوكراوه‌ته‌وه.
چیرۆكه‌كه ئه‌مه‌یه:
دوای ڕۆیشتنی میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندز بۆ ئیستانبوڵ، له ئه‌یلولی 1836 دا، و گه‌یشتنی به ئیستانبوڵ له‌لایه‌ن سوڵتان مه‌حموودی دووه‌می عوسمانی لێبوردنی بۆ ده‌رده‌كرێت و پله‌ی سه‌ربازییه‌كه‌ی بۆ پله‌ی فه‌ریق به‌رزده‌كرێته‌وه، به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانی كه سه‌فاره‌تی به‌ریتانی له ئیستانبوڵ، چاودێری وردی میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندزیان كردووه، وا بڕیار بووه له نیسانی 1837 به‌ره‌و ڕواندز بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی میری ناوبراو له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی كه له خزمه‌تی دابووه به‌ناوی(حاجی وه‌لی ئاغا) له ڕۆژی 12ی حوزه‌یرانی 1837 ده‌گه‌نه شاری ئه‌ماسیا(ئه‌و كات شاری ئه‌ماسیا سه‌نجه‌قێك(پارێزگایه‌ك) بووه له ویلایه‌تی سێواس، كه ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی توركیای ئێستا)، ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن موته‌سه‌ریفی ئه‌ماسیا به‌ناوی(محه‌ممه‌د شاكیر به‌گ) ئاماژه به فه‌رمانی سوڵتانی عوسمانی له 3ی حوزه‌یرانی 1837 كه له‌سه‌ر پێداگیری والی به‌غداد (محه‌ممه‌د رضا پاشا) ده‌ركرابوو، میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندز بۆ ماوه‌یه‌ك له ئه‌ماسیا به ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌هێڵدرێته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی بیزانێت..!
له‌دواتردا به‌ڵگه‌نامه عوسمانییه‌كان ئاماژه به‌ناردنی میر محه‌ممه‌د بۆ دوورگه‌ی شومنۆ له باشووری نیمچه دوورگه‌ی به‌ڵقان ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش كۆدی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌یه(BAO.FON KODU: HAT D. No: 446 G. No: 22305)، هه‌روه‌ها له ڕاپۆرتێكی تری عوسمانییه‌كاندا ناوی به مردوو تۆماركراوه له ڕۆژی 26ی كانوونی یه‌كه‌می 1838، كه كۆدی به‌ڵگه‌نامه‌كه ئه‌مه‌یه(BAO.FON KODU: HAT D. No: 396 G. No: 22886/B)، ده‌توانین ئه‌م ڕۆژه به ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی وه‌فاتی میر محه‌ممه‌د دابنێین تا هه‌موو ئه‌رشیفی عوسمانی ده‌پشكێندرێت.
ئه‌م مردنه‌ی میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندز، دوو ئاماژه‌ی مێژوویی لێده‌خوێندرێته‌وه و له‌وانه‌یه:
یه‌كه‌م: به غه‌ریبی و به‌ده‌ستبه‌سه‌ری له دوورگه‌ی شومنۆ له نیمچه‌دوورگه‌ی به‌ڵقان سه‌ری نابێته‌وه و دوا ساته‌كانی ژیانی له‌وێ به‌سه‌ر بردبێت.
دووه‌م: له ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندز بۆ دوورگه‌ی شومنۆ، به‌ڕێگه‌ی ده‌ریای ڕه‌ش، كه له‌وانه‌یه له‌وێ خنكاندوویانه و فرێیانداوه‌ته ناو ده‌ریای ڕه‌ش، ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه كه له زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان باسده‌كرێت.
لێره‌دا ڕوون ده‌بێته‌وه؛ كه مردنی میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندز، كۆمه‌ڵێك نهێنیی و شاره‌وایی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له پشته، كه‌چی هه‌موو ئه‌رشیفی عوسمانی له ده‌وڵه‌تی ئێستای توركیا پۆلێن بكرێت، زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌و نهێنیانه ئاشكرا بكرێن، كه په‌یوه‌سته به چاره‌نووسیی میرێكی كورد، كه له پێشووتردا جه‌سته و گۆڕه‌كه‌یان شوێنبزركردووه..ئه‌و كات براكه‌ی ڕه‌سوڵ پاشا بۆ یه‌كێ له گه‌ڕیده‌كانی به‌ریتانی باس ده‌كات، كه زانیویانه میر محه‌ممه‌د پاشای برای كوژراوه و جل و به‌رگه‌كه‌ی له بازاڕه‌كانی ئه‌ماسیا و ته‌رابزۆن و سێواس فرۆشراون و له‌لایه‌ن كه‌سه نزیكه‌كانیانه جله‌كانی میریان ناسیوه‌ته‌وه، دیاره كه‌سانێ هه‌بوونه له‌گه‌ڵ میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندز به‌نهێنی ڕۆیشتبن بۆ ئیستانبوڵ و چاودێریكردنی كه له‌لایه‌ن خودی میر محه‌ممه‌ده‌وه ڕاسپێردرابن!
به‌ڵام كۆتایهێنان به میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندز له قه‌باره و توانستی ئه‌و كه‌سانه و خودی میر محه‌ممه‌د به‌ده‌ربووه، چونكه والی به‌غداد پله‌ی وه‌زیر بووه، والی سێواس، والی موصڵ، سه‌رۆك وه‌زیرانی عوسمانی، موته‌سه‌ڕیفی ئه‌ماسیا، له كۆتاییدا سوڵتانیش هاته قه‌ناعه‌ت، كه ده‌بێت میر محه‌ممه‌د له‌ناوببردرێت. بۆیه چاره‌نووسی میر محه‌ممه‌د پاشای ڕواندز، شێوازی مردنی، ڕۆژ و كاتی مردنی به دیاریكراوی، شوێنی مردنه‌كه‌ی، شوێنی گۆڕه‌كه‌ی به‌نادیاری ماونه‌ته‌وه، میر محه‌ممه‌د یه‌كه‌م میری میرنشینی سۆران و كورد نه‌بوو، كه به‌ده‌ستی عوسمانییه‌كان كۆتایی به ژیانی بهێندرێت به شێوه‌یه‌كی تراژیدی، وه‌ك عزه‌ددین شێری میری میرنشینی سۆران، له 18ی نیسانی 1535 له گۆپته‌په له‌لایه‌ن سوڵتان سلێمانی قانوونی به به‌رچاوی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عوسمانی سه‌ری له لاشه‌ی جیا ده‌كرێته‌وه..!
Comments
Post a Comment